ÎranNûçeRojhilatanavin

ئیدانەکرانی دەسدرێژکارییەکانی ئەمریکاو ڕژیمی زایۆنی لەدیداری سەرۆکانی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران و سوریا لە تاران

سەرۆکانی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران و سوریا بەپێداگری لەسەر پتەوکران و پەرەپێدانی پەیوەندیی هێزە چەکدارەکانی دوو وڵات، دەسدرێژکارییەکانی ئەمریکاو رژیمی زایۆنی بۆسەر سوریایان شەرمەزار کرد.

سەردار محەممەد باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران رۆژی دووشەممە لەدیدار لەگەڵ ژەنەڕاڵ عەلی عەبدوڵا ئەییوب، سەرۆکی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی سوریا لەتاران، وێڕای پەسندانی خۆڕاگریی بوێرانەی جەماوەر و سوپای سوریا لەهەمبەر تاوانکاریی تیرۆریستانی تەکفیری و دەسدرێژکاری و دەستتێوەردانی ناوچەیی، سەرکەوتنی مەزنی ئەم دواییەی سوپاو هێزە جەماوەریەکانی سوریا لەڕزگارکردنی حەڵەب و خەڵکی ستەملێکراوی فوعەو کەفریا بەجێی شانازی وەسف کرد.

سەرلەشکر باقری وێڕای شەرمەزار کردنی دەسدرێژکارییە ئاسمانییەکانی ئەمریکاو رژیمی زایۆنیستی بۆسەر سوریا، وتی: خەڵکی سوریا بەپاراستنی یەکڕیزی و ویفاقی نیشتمانی و ئەنجامگرتنی وتووێژی سوری-سوری دەبێ زیرەکانە ئاگاداری پیلانگێڕیی دەرەوەییەکان بن لە ئاژاوەنانەوە لەو وڵاتەدا.

ژەنەڕاڵ عەلی عەبدوڵا ئەییوب، سەرۆکی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی سوریاش لەو دیدارەدا بە خستنەڕووی ڕاپۆرێک لەدواگۆڕانکاریی مەیدانیەکان و بارودۆخی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی تەکفیری، پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەکانی ئێران و سوریای لەئاستێکی باڵادا لێکدایەوەو پێی داگرت: سیاسەتی بەڕاوتەگبیری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمەڕ داکۆکی لە ئاشتی و سەقامی ناوچەو جیهانی ئیسلام و ڕێزدانان بۆ سەروەریی یاسایی و یەکڕیزی سەرزەوینی وڵاتانی ناوچە، جێی ڕێزی وڵاتانی سەربەخۆ و ئازادیخوازانی جیهانە.

سەرۆکی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی سوریا لەسەر بانگهێشتنی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی دووشەممە لەسەرووی شاندی باڵای سەربازی گەیشتە تاران.

شاندی سوری بەئامانجی پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندیی هێزە چەکدارەکانی دوو وڵات و تاووتوێی دوادۆخی مەیدانی شەڕی دژ بەتیرۆریستان لەسوریا سەردانی تارانی کردووە

Başa dön tuşu