وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پەلاماری هێزی ئاسایشی ڕژێمی بەحرەین بۆسەر ناوچەی درازی مەنامە و گەیشتن بۆ ماڵی شێخ عیسا قاسم مامۆستای ئایینی باڵای ئەم وڵاتەی ئیدانە کرد .
بەپێی ڕاپۆرتی ئیسنا، بەهرام قاسمی وتی : ڕژێمی بەحرەین بەپەلامار کردنەسەر ماڵی شێخ عیساقاسم و لە خاک و خوێن گەوزاندنی دەیان کەس لە خەڵکی بێ دەرەتانی ئەم وڵاتە، زۆرتر لە ڕابردوو ڕەوشی ئێستای بەحرەینی ئاڵۆز کردووە.
قاسمی وێڕای باسکردنی دەستدرێژی ڕۆژی سێ شەممەی هێزی ئاسایشیی ڕژێمی ئالی خەلیفە بۆسەر ناڕازیان و ماڵی شێخ عیسا قاسم لە ناوچەی درازی مەنامە وەک هەڵەیەکی گەورەی ئەم ڕژێمە پێداگری کرد : توندبوونی سەرکوت کردن و گرتنەبەری هەڵس و کەوتی تایفەیی و ئایینی بە دژی خەڵکی بەحرەین یارمەتی ناداتە چارەسەرکردنی قەیران لەم وڵاتە و ڕەوتی ئاشتیانەی ناڕەزایەتییەکان لا دەدات.