IraqNûçeRojhilatanavin

به‌رپرسی‌ شه‌رعی‌ی داعش له‌موسڵ کوژرا

پۆلیسی‌ فیدراڵی‌ عێراق هەواڵی کوشتنی‌ “به‌رپرسی‌ شه‌رعیی رێکخراوی‌ داعش”ی‌ له‌ موسڵی‌ کۆن راگه‌یاند، له‌ ئه‌نجامی‌ به‌رده‌وامی‌ شه‌رو پێکدادانه‌کان له‌ به‌شی‌ راستی‌ موسڵ.

“فه‌ریق شاکر جه‌وده‌ت” فه‌رمانده‌ی‌ پۆلیسی‌ فیدراڵی‌ عێراق ئه‌مڕۆ به‌ ماڵپەڕی خه‌ندانی‌ راگه‌یاند “پۆلیسی‌ فیدراڵی‌  عێراق ئه‌بو عه‌لی‌ به‌سراویان کوشتووه‌ که‌ به‌رپرسی‌ شه‌رعی‌ داعش بووه‌ له‌ موسڵی‌ کۆن، له‌گه‌ڵ ئه‌بو یوسفی‌ میسری‌ به‌رپرسی‌ خۆراک و رزوان موسڵاوی‌ یاریده‌ده‌ری‌”.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شکرد، هه‌روه‌ها هێزه‌کانیان ئۆتۆمبیلێکی‌ بۆمبڕێژکراویان تێکشکاندووه‌و سێ خۆکوژیان کوشتووه‌ که‌ پشتێنی‌ بۆمبڕێژکراویان له‌خۆیان به‌ستبوو له‌ نزیک مزگه‌وتی‌ بیلالی‌ حه‌به‌شی‌ له‌ موسڵی‌ کۆن.

شاکر جه‌وده‌ت راشیگه‌یاند که‌ هێزه‌کانیان نه‌خۆشخانه‌ی‌ نوری‌ ئه‌هلی‌ و قوتابخانه‌یه‌کیان کۆنتڕۆڵکردووه‌ته‌وه‌ که‌ داعش به‌کاریده‌هێنان بۆ دروستکردنی‌ بۆمب.ئه‌مڕۆش فه‌رمانده‌یی پڕۆسه‌کانی‌ نه‌ینه‌وا، کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ی‌ گه‌ڕه‌کی‌ ئیسڵاحی‌ زه‌راعی‌ یه‌که‌می‌ راگه‌یاند، که‌ ده‌که‌وێته‌ به‌شی‌ راستی‌ شاری‌ موسڵ.

هێزه‌عێراقییه‌کان، چوار-ی‌ ئه‌م مانگه‌، ئۆپه‌راسیۆنێکی‌ نوێیان بۆ کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی‌ باکوری‌ رۆژئاوای‌ موسڵ ده‌ستپێکرد، له‌ ناوچه‌ ئه‌حلیله‌ به‌ره‌و هه‌رامات پێشره‌وییان کرد.سێی‌ ئه‌م مانگه‌، پۆلیسی‌ فیدراڵی‌ هێزی‌ برده‌ ناوچه‌که‌ بۆ ده‌ستپێکردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ ناوچه‌کانی‌ باکوری‌ رۆژئاوای‌ موسڵ بۆ رزگارکردنی‌ گه‌ره‌که‌کانی‌ مشێفه‌ و 17ی‌ ته‌مووز.19

ی شوباتی ئەمساڵ قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ دەستیپێکرد، هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و یەکەکانی بژاردەی وەزارەتی ناوخۆ بەرەوپێشچوونی بەرچاویان لەبەشی‌ راستی‌ موسڵ بەدەستهێناوە.

هێزە عێراقییەکان حەوتی‌ ئازاری‌ رابردوو، کۆمەڵگەی‌ حکومی‌ و بینای‌ چەندین فەرمانگەی‌ دیکەیان لەبەشی‌ راستی‌ موسڵ کۆنتڕۆڵکردەوە، تائێستا له‌سه‌دا 70 ی‌ به‌شی‌ خۆرئاوای‌ موسڵ-یان کۆنتڕۆڵکردووه‌ته‌وه‌ که‌ دوایین پێگه‌ی‌ داعشه‌ له‌شاره‌که‌

Başa dön tuşu