وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەپەیامێکدا بۆ سەرۆکی نوێی مەکتەب سیاسی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین(حەماس)، جەختی کرد لەسەر درێژەی داکۆکی ئێران لە موقاوەمەی گەلی فەلەستین.
محەممەدجەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دوێشەو لە پەیامێکدا بۆ ئیسماعیل هەنییەی سەرۆکی نوێی مەکتەب سیاسی بزووتنەوەی حەماس، هەڵبژێردرانی ناوبراوی پێرۆزبایی کرد.
زەریف لەو پەیامەدا هیوای خواست: هەنییە بە یارمەتی خوداو سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی موقاوەمە بتوانێ لەپاڵ خەباتکارانی دیکەی فەلەستین و خۆڕاگری، هەڕەشەوگوڕەشەی رژیمی زایۆنی وهاوپەیمانانی ئەو رژیمە کە سێرەیان گرتووەتە یەکڕیزی جیهانی ئیسلام و بە دووبەرەکی نانەوەو ئاژاوەگێڕیی لەهەوڵی لەبیربردنەوەی ئارمانجی فەلەستین وقودس و شکست پێدانی ڕێبازی موقاوەمەو خۆڕاگریی ڕۆڵەکانی ئۆممەتی ئیسلامییە، بێ ئاکام بکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران بەپێداگری دووبارەی لەسەر درێژەی داکۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە موقاوەمەی گەلی فەلەستین بۆ ڕزگاربوون لەچنگ داگیرکاریی و بەرز ڕاگرتنی یادو بیرەوەری هەموو شەهیدانی خۆڕاگریی، سەرکەوتنی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی ئیسماعیل هەنییەی لە خودا بۆ ناوبراو بەئاوات خواست.
رێبەرانی بزووتنەوەی حەماس هەینیی ڕابردوو، ئیسماعیل هەنییەیان وەک سەرۆکی نوێی مەکتەب سیاسی حەماس هەڵبژارد.
ئیسماعیل هەنییە وەک سەرۆکی نوێی مەکتەب سیاسی بزووتنەوەی حەماس، جێی خالید مەشعەلی گرتووەتەوە