ÎranNûçeRojhilatanavin

تەنیا کەمتر لە چوار ڕۆژی ماوە بۆ کۆتایی هاتنی بانگەوازی هەڵبژاردن

ساتپێوی هەڵبژاردن وامان تێ دەگەیەنن کە تەنیا کەمتر لە چوار ڕۆژمان ماوە بۆ کۆتایی هاتنی بانگەوازەکانی هەڵبژاردن و سیماو ڕووکەشی شارەکانی ئەم وڵاتە پڕیە لە وێنەی پاڵێوراوانی ئەنجومەنە ئیسلامییەکانی شارودێ و کۆمەڵێک لە پاڵێوراوانی سەرۆک کۆمارەتی.

گۆڕەپانی بانگەوازی پاڵێوراوانی سەرۆک کۆمارەتی و ئەنجومەنە ئیسلامییەکانی شارودێ لەم دواڕۆژانەدا بەرتەسک تر دەبێتەوەو هەناسە   سوار

دەکات. کۆمەڵێک لە کارناسان لەو باوەڕەدان کە ململانێ و مشتومڕەکان دەچێتە دوو قۆناغەوەو کەچی خەنیمەکانی ئەم گۆڕەپانە لە کەمترین ماوەش زیاترین بەهرە وەردەگرن.

کۆڕوکۆبوونەوەی بانگەوازی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمەڵێک لە پاڵێوراوانی سەرۆک کۆمارەتی و نوێنەرەکانیان لە سەرتاسەری وڵاتە گەرمەو دوێنێ و ئەمڕۆش شەش پاڵێوراوی سەرۆک کۆمارەتیی ئێران لە کۆبوونەوەو بەرنامەکانی ڕاگەیاندنیان دا بەردەوام لە سەر بەڵێنمەند بوونیان لەمەڕ ڕاپەڕاندنی بەرنامەو پەیمانەکانیان پێ دادەگرن.

ئیبراهیمی ڕەییسی سادات، پاڵێوراوی دوانزەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی ئێران ڕۆژی شەممە لە ورمێی باکووری ڕۆژئاوای ئێران، ئیش و کار نانەوەی ملوێنیی بە مسۆگەرو ئەرکێکی یاسایی زانی و وتی: وڵات گرفتی نەختینەو سەرچاوەو هێزی پسپۆڕو کارامەی نییە، گرفتی وڵات لاوازیی بەڕێوەبەرایەتییە.

ڕەییسی هەروەها لە شاری تەورێزی باکووری ڕۆژئاوای ئێرانیش وتی: دەبێ بە خستنەگەڕی کارگەکان ئیش و کار بۆ چینی بەشخوراوو ئاتاج بنێینەوەو لە کارخولقێن و سەرمایەدانەران پشتیوانی بکرێت.

موستەفا ئاقا میرسەلیم پاڵێوراوەکەی دیکەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئێرانیش ڕۆژی شەممە لە پارێزگای خوزستانی باشووری ئێران ئاماژەی کردە بارستاییە گرینگەکانی پیشەسازی و ئابووری و سروشتیی خوزستان و وتی: جەماوەری خوزستان لە هەڵێنجانی نەوت و گاز لەم پارێزگایە لە وێکەوتە ژینگەییەکان بەو لاوە هیچ قازانجێکی دیکەیان دەست نەکەوتووەو دەکرێ پێش بە سوتێندرانی ئەم گازە ژاراوییانە بگیردرێت و بۆ بەرهەمهێنانی پترۆشیمی و کارەبا بەکار بهێندرێن و ئا بەمجۆرە هەلی نانەوەی ئیش و کاریش بڕەخسێندرێت.

موحەممەد باقری قاڵیباف یەکێکی تر لەو شەش پاڵێوراوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی ئێران شەوی یەکشەممە لە وتووێژێک دا لەگەڵ کەناڵی دووی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە سەر نەهێشتنی نیگەرانی و بێکاری و کەم و کوڕییەکان پێی داگرت و وتی: ئەو بابەتە گرینگەی کە ئەمڕۆکە لە وڵاتی ئێمە دا جێگای سەرنجەو بڵاچەکانی وەبەرخەڵک دەکەوێ قەیرانی ئابوورییە.

قاڵیباف وتیشی: بۆ وەدی هاتنی بەرنامەی شەشەم و ئیش و کارنانەوە بۆ شەش ملوێن کەس پێویستمان بە سەرمایەو هێزی کارو تەکنۆلۆژیایە.

ئیسحاق جەهانگیری پاڵێوراوەکەی دیکەی دوانزەهەمین خولی سەرۆک کۆمارەتیی ئێرانیش ڕۆژی شەممە لە کۆبوونەوەیەکی بانگەوازی هەڵبژاردن دا لە تاران وتی: گەورەترین سەرمایەی ئێران لاوانی خوێندەوارن و ئەگەر بەدوای بەهاو ئامانجەکانەوەین دەبێ بڕوا بە لاوانمان بکەین و متمانەمان پێیان هەبێت.

موستەفاهاشمی تەبا پێنجەمین پاڵێوراوی دوازدەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی ئێرانیش ڕۆژی شەممە لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵدەریی ڕادیۆوتەلەفزیۆنی ئێران دا وتی: دەبێ بە برەو پێ دانی گەشتکاری دا ئیش و کار بنێینەوەو دیارە گەشتکاری بەستێنێکی هەرە باشە بۆ ئیش و کار نانەوەی بەربڵاو.

حەسەنی ڕۆحانی شەشەمین کەس لە پاڵێوراوانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێرانیش ڕۆژی شەممە لە کۆبوونەوەیەکی بانگەوازی هەڵبژاردن لە تاران دا وتی: بڕوامان بە میکانیزمی ژیان و دابین کرانی کۆمەڵایەتییە و لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ئەوانەی وا لە لایەن کۆمیتەی ئیمدادو بهزیستییەوە موچە و دەرماڵەیان دەدرێتێ بوونەتە سێ هێندەو ئەم کارەش هەتا خاشەبڕ کرانی دەستکورتی و هەژاریی ڕەها بەردەوام دەکەین.

بە سەرنجدانی ئەوەی کە لە ماوەی ئەم 38 ساڵەی کە لە تەمەنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران تێپەڕ دەبێ، دوژمنان هەموو جارێک بۆ بەربەرەکانێی دژی گەلی ئێران بە فێڵ و تەڵەکەی تازەوجۆربەجۆرەوە دێنە مەیدان، ئەمە خۆی لە خۆی دا هەستیاریی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا زیاتر دەکات.

لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی بەردەم گەلی ئێرانیش دوژمن لە هەموو ڕێگایەکەوە لەوانە بێ بەڵێنیی وڵاتانی پێنج کۆ یەک لە مەڕ ڕێککەوتننامەی هەنگاوی هاوبەش و توندکردنەوەی بایکۆتەکان و هەروەها بڕێک بابەتی گرینگ و هەستیاری وەک جم و جوڵی دوژمنانی گۆشکراوی ئەمریکاو ئیسرائیل و ڕۆژئاوا بۆ وێنە داعش و ئەلقاعیدە،هەوڵی لە خشتەبردنی گەلی ئێران و دەرپەڕاندنیان لە گۆڕەپانەکە دەدات. هەر لە بەر ئەمەش گەلی زیرەک و وریای ئێران وێڕای تێگەییشتن لە هەل و مەرجەکە، بەشداریی خۆیان لە هەڵبژاردن و ئامادە بون لە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان وەک سرواندنی مستێکی قورس لە دەمی ملهوڕان و زلهێزەکان لێک دەدەنەوە.

حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) لە پەیوەندی لەگەڵ ئامادەو لە سەر هەست بوونی خەڵک زیاتر لە سێ دەیە لەمەوبەر، دەستەڵاتی ڕەوای جەماوەری ئێرانی پاراست و پێی داگرت: دیاری کردنی سەرۆک کۆمار لەو شتانەیە کە لە سەر هەموو موسڵمانانی ئێران و لە سەر هەموو ئەرکمەندانی ئێران فەرزەو پێویستە لەم بوارەدا خۆیان تێ گەیەنن. ئەگەر خۆیان تێ نەگەیەنن و زەبرێک لە ئیسلام کەوێ دیارە لە سەرمان دەکەوێ و یەکە بە یەکەمان لە بەردەم دادگەی دادی ئیلاهی دا بەرپرس دەبین. هەر هەموومان ، بە  ژن و پیاوەوە، هەر ئەرکمەندو خاوەن تەکلیفێک هەر بەوجۆرەی کە دەبێ نوێژ بکات هەر بەو چەشنەش دەبێ چارەنووسی خۆی دیاری بکات.

بەڕێزی لە بارەی مافی دەنگدان و ئازادیی خەڵکەوە لە ئازاستەی دیاری کردنی چارەنووسیان فەرموویەتی: دەبێ خەڵک بۆ هەڵبژاردن ئازاد بن و نابێ کارێکی وا بکەین کە کەسێک بە سەر خەڵک دا بسەپێنین

شایانی باسە هەڵبژاردنی پێنجەمی ئەنجومەنە ئیسلامییەکانی شارودێ و سەرۆک کۆمارەتیی خولی دوانزەهەمی ئێران ڕۆژی هەینی نۆزدەی مانگی مای 2017  بەڕێوە دەچێ

Başa dön tuşu