SORANİ- بازاڕی هەناردەی نەوتی ئێران فرەچەشن دەبێ
وەزیری نەوتی ئێران ڕایگەیاند: سیاسەتی نوێی نەوتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران فرەچەشن کردنی بەرهەمەکانی بۆ هەناردە کردنە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنجشەممەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ بیژەن نامدار زەنگەنە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕێکخراوی وڵاتانی بنێری نەوت (ئۆپێک) لە ڤییەنا بۆ بڕیاردان لەمەڕ ڕێککەوتنی دابەزینی ئاستی بەرهەم هێنان بە ئاماژە بەوەی کە دابەزینی ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران لە دوو مانگی ئاپریل و مەی تەنیا لەبەر هەندێ کێشە و گرفتی ئۆپەراسیۆنی بووە، وتیشی: سیاسەتی نوێی نەوتیی ئێران، دیتنەوەی کڕیاری زیاتر و جیاوازتر و هەروەها خۆبواردن لەوەیە کە نەوتەکەی تەنیا بە چەن کڕیارێکی تایبەت بفرۆشێ.
وەزیری نەوتی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە بەرهەم هێنانی ڕۆژانەی نەوتی ئێران نزیکەی سێ ملوێن و ٨٠٠ هەزار بەرمیلە، وتی: ئێمە کێشەیەکمان لە بواری بەرهەم هێناندا نییە و ئێران ئێستاکە نزیکەی دوو ملوێن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا نەوتی نەپاڵاوتە هەناردە دەکات.
زەنگەنە هەروەها سەبارەت بە هەڕەشەی دەوڵەتی هیندستان لەمەڕ ئەوەی کە بێتوو لەگەڵ ئێران لە سەر مەسەلەی گەشەپێدانی کێڵگەتی “فەرزاد بی” نەگاتە تەبایی، رادەی هاوردەی نەوتی خۆی لەم وڵاتە کەم دەکاتەوە، وتی: ئێمە بە لایەنی هیندستانیمان ڕاگەیاندووە کە ئەو شێوە قسە و ئاخافتنە شیاوی هاریکاریی بازرگانی نییە.
کۆبوونەوەی ئۆپێک ئێوارەی چوارشەممە بە کۆدەنگیی ئەندامان لە سەر نوێ کرانەوەی ماوەی پەیمانی دابەزاندنی ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت بۆ ٩ مانگی دیکە لە ڤییەنا کۆتایی هات. لەم کۆبوونەوەیەدا هەروەها گینەی ئۆستوایی وەکوو نوێترین ئەندامی ئۆپێک وەرگیرا تا ژماری ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە لە ١٣ ئەندام بگاتە ١٤ ئەندام. ئەم وڵاتە سێهەمین بەرهەم هێنەری گەورەی نەوت لە ئەفریقا دێتە ئەژمار