Îmam XumeynîÎranMirovê HejaNûçeRojhilatanavinSêwiran

SORANİ- سەرەخۆشی بە بۆنەی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئیمام خومەینی (رە) بناغەدانەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

ئەمڕۆ یەکشەممە چواردەی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، نۆی ڕەمەزانی ساڵی ١٤٣٨ی کۆچی و چوارەمی ژوەنی ٢٠١٧ی زایینی بەرامبەرە لەگەڵ بیست و نۆهەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئیمام خومەینی (رە) بناغەدانەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.

٢٨ ساڵ لەمەوبەر لە ئاوا ڕۆژێکدا، “ڕوحوڵڵا موسەوی خومەینی” (رە) ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران پاش ٨٧ ساڵ ژیانێکی ماندوونەناسانەی تژی لە هەوڵ و تێکۆشان ، ئەم جیهانەی بە جێ هێشت و بە دیداری حەق شاد بوویەوە.

ئیمام خومەینی (رە) خەباتی خۆی لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوییەوە دژ بە ڕژێمی زاڵم و  زۆرداری شا و دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە کاروباری ئێران دەست پێ کرد و لە ئاکامدا لە لایەن ڕژێمی شاوە دوور خرایەوە بۆ تورکیا و پاشان بۆ ئێراق.

ئیمام خومەینی (رە) لە ماوەی ئەو ١٣ ساڵەی کە لە ئێراقدا بوو جگە لەوەی کە تەلەبەی زۆری پەروەردە کرد، دەستی کردە لەقاو دانی ماک و شوناسی گەندەڵی ڕژێمی شا و قازانجە نایاساییەکانی ئەمریکا لە ئێراندا و بە دەرکردنی ئاگادارینامەی ڕوونکەرەوە، بواری خۆش کرد بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی.

لە ئاکامدا پاش پەرەسەندنی خەبات و هەروەها دوابەدوای ئەوە کۆچی ئیمام بۆ فەرانسا و پاشان گەڕانەوەی بەشکۆی ئەو کەسایەتییە مەزنە بۆ ئێران، شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی سەرکەوت.

پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، وێرای هەموو پیلانگێڕییەکانی زلهێزان و دوژمنانی ناوخۆیی و بیانیی شۆڕش لەوان شەڕی داسەپێندراوی ڕژێمی بەعسی ئێراق بە سەر ئێران، ئیمام خومەینی (رە) لە باروودۆخی ئاستەنگ و نالەباری ئەو سەردەمەدا، گەلی ئێرانی لەوپەڕی شارەزایی و ئازایەتیدا ڕێبەرایەتی و ڕێنوینی کرد.

هەر بەم بۆنەوە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێ و ڕەسمی تایبەت بە کۆچی دوایی ئیمام خومەینی (رە) لە بارەگای پاکی ئەو ئیمامە خوالێخۆشبووە بە بەشداریی بەربڵاویی جەماوەر لە سەرانسەری ئێران و وڵاتانی جۆربەجۆری جیهانەوە بە وتار دانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەڕێوە دەچێ

Başa dön tuşu