ÎranNûçeRojhilatanavinSûriye

SORANİ- ئاگربڕی ڕاگەیەندراو لە باشووری سووریا، تاقی کردنەوەیەک بۆ دامەزرێنەرانی

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەشی عەرەبی و ئەفریقایی ڕایگەیاند: ئەو ئاگربڕەی لە باشووری سووریا ڕاگەیەندراوە، کەوتۆتە بەر تاقی کردنەوەیەکی لێبڕاوانە بۆ دەرکەوتنی ڕادەی پێبەند بوونی دامەزرێنەرانی ئەو ئاگربڕە و لایەنە نێودەوڵەتییەکان.

“ڤیلادمیر پوتین” و “دۆناڵد ترەمپ” سەرۆک کۆمارانی ڕووسیا و ئەمریکا لە دیدار و دانوستانیاندا لە پەراوێزی  کۆبوونەوەی سەرانی گرووپی ٢٠ لە هامبورگی ئەڵمان، باسی ڕێککەوتنی ئەم دوو وڵاتەیان کرد لە سەر دامەزرانی ئاگربڕ لە باشووری سووریا.

“حسێن جابر ئەنساری” جێگری وەزیری دەرەوەی  ئێران بۆ بەشی عەرەبی و ئەفریقایی ئێوارەی چوارشەممە پاش دیدار لەگەڵ “وەلید موعەلیم” وەزیری دەرەوەی سووریا لە دیمەشق، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێراندا وتی: بەداخەوە ژمارێک لە دامەزرێنەرانی ئەم ئاگربڕە، خۆیان پێبەندی نین و دەتوانین بڵێێن تا ئێستا هەر هەموو ئەو ڕێککەوتنانەیان بنپێ کردووە و بێ بایەخیان کردوون.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: بێتوو دامەزرێنەرانی ئاگربڕەکەی ئەمدواییە لە باشووری سووریا پێبەند بمێننەوە بە ڕێککەوتن لە چوارچێوی ئامانجە سیانەکانی دانوستانی ئاستانە، دەتوانین گەشبین بین بەوەی کە ئەم پرۆسەیە ئەنجامێکی باشی هەبێ،  و بێتوو وانەبێ، ئەوا ئیتر پێشەکییەک دەبێ بۆ ڕووداو و گۆڕانکاریی نالەبار.

“حسێن جابر ئەنساری”  هەروەها بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی ئاستانە سەبارەت بە پێکهێنانی چوار ناوچەی کەم کردنەوەی کێشە لە سووریا وتی: ئامانج لە دانانی ئەو ناوچانەی کەم کردنەوەی کێشە، ئەوەیە کە هەلێک بڕەخسێ بۆ یەکگرتنەوەی هەموو هەوڵەکان لە پێناو خەباتێکی کاریگەر دژ بە تیرۆریزم، کردنەوەی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ دەرباز بوون لە ڕەوشی قەیرانی ئێستا و دابەزینی ڕادەی زەبر و زیانی مرۆیی و کەم بوونەوەی هەژماری قوربانیان لە سووریا.

جێگری وەزیری دەرەوەی  ئێران بۆ بەشی عەرەبی و ئەفریقایی هەروەها ڕایگەیاند: لە ڕۆژانی ئەمدواییەدا ڕژێمی زایۆنی لە درێژەی داگیرکارییەکانی لە ماوەی چەن دەیەی ڕابردوودا دیسان فەلەستین، قودس و مزگەوتی ئەقسای داوەتە بەر پەلامار

Başa dön tuşu