ÎranNûçeRojhilatanavin

SORANİ- وتەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە دیداری بەرپرسان و بەڕێوەبەراندا

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئێوارەی دووشەممە لە دیداری سەرانی سێ دەزگە و ژمارێک لە بەرسان، بە پێداگری لە سەر پێویستی بەدیهێنانی کەشێکی نوێ لە هاریکاری و هەوڵ بۆ پێشکەوتنی ئێران وتیشی: بۆ ئەوەی کاروباری وڵات بە ڕێک و پێکی بەڕێوە بچێ دەبێ لەگەڵ ئەوەی کە لە ئەزموونەکان کە گرینگترنیان یەکێتی و یەکگرتوویی نیشتمانی و متمانە نەکردن بە ئەمریکایە، پشت ببەستین بە پێوەرە درووستەکانی بڕیاردان.

حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی بە چاوخشاندنێک بە سەر پرسەکانی ڕۆژ، سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ٢٩ی گوڵان (١٩ی مانگی مەی) فەرمووی: هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی سەرۆک کۆمارەتی و ئەنجومەنەکانی شار و گوند، ئەرکێکی یەکجار قورس بوو و دەسەڵاتی شۆڕش و بەربڵاو بوونی بازنەی دزە و دەسەڵاتی حکومەتی ئیسلامی لە نێو دڵی جەماوەری دەرخست، هەرچەن مێدیاکانی جیهان لە پڕوپاگەندەی بەربڵاویاندا هیچ ئاماژەیەک بەو پرسە گرینگە ناکەن.

مەقامی مەزنی  ڕێبەری بە ئاماژە بە هەوڵە بێشەرمانەکانی ئەمریکاییەکان پاش هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئێران بۆ زیاتر کردنی بایکۆتەکان فەرمووی: لە هەمبەر ئەو دوژمنایەتییانەدا، دەبێ کەشێکی نوێی هاوکاری، کار و چالاکی بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوبەش یانی “پێشکەوتنی وڵات و بەرزتر بوونەوەی پلە و پێگەی  کۆماری ئیسلامی” بەدی بێنین و هەموان لەو کەشەدا بەشدار بن.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، بە چوونە نێو باسی سەرەکی خۆیەوە یانی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی درووست و ڕێک و پێکی کار و باری وڵات و لێک کردنەوەی ڕێ لە لاڕێ، پێی داگرت: بەڕێوەبردنی درووست و ڕێک و پێکی کاروباری وڵات لە یەکەم قۆناغدا پێویستی بە دیاری کرانی “پێوەرەکانی بڕیار چێ کردن و بڕیاردان”  و لە قۆناغی دواتردا ، پێویستی بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونەکانی ٣٨ ساڵی ڕابردوو هەیە.

حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە زلهێزانی زاڵم و زۆردار بۆ داسەپاندنی داخوازەکانیان شێواز و ڕێگای جۆر بەجۆر دەگرنە بەر، فەرمووی: یەکێک لەو شێوازانە دابین کردنی قازانج و بەرژەوەندییەکانی زاڵم  و زۆرداران لە ژێر ناوی “یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکاندا”یە تا لەو ڕێگایەوە، وڵاتانی سەربەخۆ و دژ بە زوڵم تۆمەتبار بکەن بە بنپێ کردنی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان.

ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هەروەها جەختی کرد: ئەمدواییە ئەمریکاییەکان لە لێدوانەکانیاندا سەبارەت بە ئێران، لە ژێر ناوی “یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان” مەسەلەی ” ئاڵۆز و ناپاوەجێ کردنی ناوچە” دێننە ئاراوە کە لە وەڵامیاندا دەبێ بڵێین؛ سەرەتا پێش هەموو شتێک ئێوە دەبێ ڕوون بکەنەوە کە ئەم ناوچەیە چ پێوەندییەکی بە ئێوەوە هەیە و پاشان هۆکاری ئاڵۆز و ناپاوەجێ بوونی ناوچە ئێوە و بەکرێگیراوان و دەس و پێوەندییەکانتانن.

حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی بە ئاماژە بە دەوری ئەمریکاییەکان لە بناغەدانەرانی داعش و داکۆکیی لۆجستیکی و سەربازی لەم گرووپە، فەرمووی: بانگەشەی پێکهاتنی هاوپەیمانی دژ بە داعش درۆ و دەلەسەیە، هەڵبەت ئەمریکاییەکان نەیاری داعشێکی پەتپچڕاون، بەڵام بێتوو کەسێکیش بیهەوێ بەڕاستی داعش بنەبڕ بکات، ئەمریکاییەکان بەرامبەر بەو کەسە ڕادەوەستن و پێشی پێ دەگرن.

مەسەلەی ئەمریکا مەسەلەیەکی دیکە بوو کە ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لێکی دایەوە و فەرمووی: زۆرێک لەو کێشە و باس و بابەتانەی لەگەڵ ئەمریکا هەمانە هەر لە بنەڕەتدا چارەسەر ناکرێ ، لەبەر ئەوەی کە کێشەی ئەمریکا لەگەڵ ئێمە پێوەندی بە پرس و بابەتی وەک وزەی ئەتۆمی و مافی مرۆڤەوە نییە، بەڵکوو کێشەی ئەوان لەگەڵ خودی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە.

حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی لە کۆبەندیی لێدوانەکەیدا ، گەلی ئێرانی بە گەلێکی زیندوو و شۆڕشی ئیسلامی بە بزاڤێکی لاو و ڕوو لە گەشە وەسف کرد و فەرمووی: ئەم باروودۆخە، مزگێنی داهاتوویەکی باش بە گەلی ئێران دەدات و هیوادارین باروودۆخی خەڵک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باشتر ببێ و هەڕەشەکان بە باشترین شێوە بەرپرچ بداتەوە.

پێش وتارەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، سەرۆک کۆمار بە دەربڕینی ڕێز و سپاس بەرامبەر بە خەڵک و ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەبەر خوڵقاندنی حەماسەی هەڵبژاردنەکان وتی: ئەوەی لەو هەڵبژاردنانەدا سەرکەوت لە راستیدا گەلی ئێران بوو و ئێستا ئیتر سەردەمی ململانێ و بگرە و بەردە تێپەڕیوە و ئەمڕۆکە دەبێ بایەخ بدرێ بە داخواز و ویست و خواستی جەماوەر.

سەرۆک کۆمار گرینگترین داخوازی خەڵکی چارەسەر کرانی کێشەی ئابووری بەتایبەت مەسەلەی کار و پیشە نانەوە و باشتر کردنی ڕەوشی بژیوی خەڵک هێنایە ئەژمار و وتیشی: بێ گومان بێتوو هەموو لە تەنیشت یەکتری و لە پشت سەری ڕێبەری مەزنی شۆڕشدا بین، دەتوانین هەموو کێشە و گرفتەکان چارەسەر کەین

Başa dön tuşu