عەبادی : تیرۆریستان بەنیازی کێشە نانەوەن لە نێوان ئێران و ئێراق دا
سەرۆک وەزیرانی ئێراق لەمیانەی یەکەم چاوپێکەوتنی لەگەڵ باڵیۆزی نوێی ئێران لە بەغدا وتی : تیرۆریستان بەنیازی کێشە نانەوە لە نێوان ئێران و ئێراق بوون بەڵام هەنگاوەکانیان بووە هۆی قووڵتر بوونی پێوەندیەکانی دوو وڵات ئیرەج مەسجدیش پێی داگرت لە سەر بەردەوامیی داکۆکیەکانی ئێران لە ئێراق لە هەموو بوارێک دا .
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ ئیرەج مەسجدی ڕۆژی دووشەممە پاش پێشکەش کردنی مۆڵەتنامەی خۆی بە فواد مەعسوومی سەرۆک کۆماری ئێراق ، لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە دیدار و وتووێژی کرد.
هەر دوولایەن لەم دیدارەدا سەبارەت بە پرسە گرینگەکان بەتایبەت پێوەندیی دوولایەنە و ناوچەیی بیر و ڕایان گۆڕییەوە. حەیدەر عەبادی لەم دیدارەدا بە دەربڕینی سپاس لە داکۆکییەکانی ئێران لە ئێراق لە شەڕی دژ بە تەکفیرییەکان و داعشدا، ئاماژەی کردە ئەم مەسەلە کە تیرۆریستان لە دووی کێشە و ناکۆکی نانەوە لە پێوەندییەکانی تاران_ بەغدا بوون، بەڵام کردەوەکانیان بووە هۆی قووڵ و بەهێزتر بوونی پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵات.
ناوبراو بە پێداگری لە سەر پێویستی سڕیێنەوەی هەموو تەگەرە و لەمپەرەکانی سەر ڕێگای پەرەسەندنی پێوەندییەکان، خوازیاری پەرەپێدرانی هاوکارییەکانی دوو ولات لە بواری ئابووری سەرمایەنانەوەی هاوبەش، هاتنەدیی دەرفەتی کارو پیشە بۆ دوو وڵات و خستنەگەڕی پرۆژەگەلی ئابووریی هاوبەشە.
مەسجدییش لەم دیدارەدا بە ئاماژە بە پێویستیی لێکدانەوەی ڕێگاکانی پەرە سەندنی هاوکاریی لە نێوان دوو وڵات وتی ئێران و ئێراق بەو هەموو توان و پوتانسییەلەی کە هەیانە، دەبێ هەوڵ بدەن بۆ ڕەخسانی هەل و دەرفەتیی پەرە سەندنی پێوەندییەکان.
ئیرەج مەسجدی دووشەممە سەرەتا لەگەڵ فواد مەعسوومی سەرۆک کۆماری ئێراق دیداری کرد و مۆڵەتنامەکەی خۆی پێشکەشی ئەو کرد و پاشان ئێوارەی هەر ئەو ڕۆژە لەگەڵ سەلیم جەبووری سەرۆک پەرلەمان و پاشان حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراق دیدار و وتووێژی کرد