ÎranNûçeRojhilatanavin

SORANİ- ڕوانگەی ڕێبەری؛ ناکامی سیستەمی زاڵخواز لە کاریگەری لەسەر ویست و ورەی گەلی ئێران

حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەمیانەی دازدەهەمین ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارێک لە خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران سەبارەت بە پەلامارە تیرۆریستیەکانی تاران پێی داگرت ؛ گەلی ئێران یەکدەنگ و یەکگرتوو و بە ویست و ورەیەکی بەرزەوە ڕێگای خۆی دەچێتە پێشەوە و ئەم چەشنە جم و جۆڵانە یەکجار چووکەتر لەوەن کە بتوانن کاریگەری دانێنە سەر ویست و ورەی بەرزی گەلی ئێران .

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هەروەها فەرمووی: ئەو ڕووداوانەی ڕۆژی چوارشەممە ئەوەی دەرخست کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی لەو خاڵەیدا کە ناوەندی سەرەکیی ئەو ئاڵۆزییانەیە خۆڕاگری نەدەکرد تا ئێستا زۆر کێشە و گرفتی لە نێو خاکی ئێران بۆ دەهاتە پێشەوە و ئینشائەڵلا هەموو ئەو فیتنە و پیلانانە بنەبڕ دەکرێ.

حەزرەتی ئایەتووڵلا خامەنەیی  پێی داگرت: ڕەوشێکی یەکجار نالەبارتر و پڕمەترسیتر لەوەی کە ڕۆژی چوارشەممە لە تاران ڕووی دا، چەندین ساڵ زاڵ بوو بە سەر ئێراندا بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران توانی هەنگاو نان بەرەو پێشەوەی خۆی درێژە پێ بدات و سیستەمی زاڵێتی خوازیش نەگەیشتە ئامانجەکەی.

ئاماژەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی بە خۆڕاگریی گەلی ئێران لە نزیەکی چل ساڵی ڕابردوو لە هەمبەر پیلانگێڕییە جۆربەجۆرەکانی سیستەمی زاڵێتی خواز دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. پلان داڕشتن بۆ شەڕی هەشت ساڵەی ڕژێمی بەعسی سەدام دژ بە ئێران تا کودەتا، بایکۆت، پڕوپاگەندەی دوژمنکارانە و تیرۆر هەر هەمووی لە لایەن سیستەمی زاڵیتی خوازەوە بووە بۆ ئەوەی ئێرانی سەربەخۆ بەرەوڕووی کێشی بکاتەوە کە هەر هەمیشەیش لەبەر وشیاری و ویست و ورەی بەرزی گەل و بەرپرسان ئەو پیلانگێڕییانە پووچەڵ بۆتەوە. ڕووداوەکانی ڕۆژی چوارشەممەی تارانیش هەر لە چەشنی پیلانگێڕییەکانی سیستەمی زاڵێتی خواز بووە کە کە زۆر چووکەتر لەو پیلانگێڕییانەی ڕابردوو بووە کە دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیانگێڕا.

تاران حەوتەمی ژوەنی ٢٠١٧ لە گڵکۆی پاکی ئیمام خومەینی(رە) و بینای مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران دوو پەلاماری تیرۆریستی بە خۆیەوە بینی کە لە ئاکامدا بە هۆی هەوڵی بێ وچانی هێزە ئەمنییەکان و کوژرانی تیرۆریستان کۆتایی هات. لەم دوو پەلامارە تیرۆریستییەدا ١٧ شاروومەندی ئێرانی شەهید بوون و ٤٣ کەسیش بریندار بوون.

پەلامارە تیرۆریستییەکانی تاران بەرەوڕووی کاردانەوەی جیهانی بوویەوە، لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەتا کاربەدەستانی وڵاتانی ئەورووپایی، ناوچە و دراوسێکان، هەر هەموو ئەو پەلامارانەیان شەرمەزار کرد و یەکێتی و یەکدەنگیی جیهانییان بە تەنیا رێگای بەرەنگاربوونەوەی لێبڕاوانەی تیرۆریزم زانی؛ مەسەلەیەک کە بەجاران و لەو کاتەوەی تیرۆریستانی تەکفیری سووریا و ئێراقیان کردۆتە گۆڕەپانی شەڕ و ئاڵۆزی، ئێران بەردەوام جەختی لە سەر کردووە. هەر لەم چەوارچێوەدا ئێران دەورێکی گرینگ لە خەباتی دژە بە تیرۆریستانی بەکرێگیراو لە سووریادا دەگێڕێ کە سەرچاوی بیر وهزریان دەگەڕێتەوە بۆ وەهابییەتی سەعوودی و سەرچاوەی دارایی و لۆجستیکییەکەیشیان دۆلارە نەوتییەکانی ژمارێک وڵاتی عەرەبی و چەکی ئەمریکایی.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێی داخوازیی دەوڵەتی یاسایی سووریا لەم وڵاتەدا دژ بە تیرۆریستان شەڕ دەکات و دەوری بەرگریکارانی حەرەم لە تیا بردنی تیرۆریزمی تەکفیریی داعشی لە سووریا کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لە سەر دابین کرانی ئاسایشی سنوورە جوگرافییایەکانی ئێران. ئێران لەم ناوچە ئاڵۆز و ناهێورییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوورگەی پاوەجێی و هێورییە و جم و جۆڵی تیرۆریستی وەک پەلاماری چەن تیرۆریستێک لە تاران ، هیچ تەگەرەیەک ناخاتە سەر ڕێگای ئەم ڕەوتە گرینگە و ئەم پەلامارە نیشان دەدات کە ئێران خەریکی خەباتێکی لێبڕاوانە  دژ بە تیرۆریزم لە ناوچەدایە. ئەو فیتنە تییرۆریستییەی ئەمڕۆکە لە سووریا و ناوچەکەدا ئاگرەکەی بڵێسە دەستێنێ، سێرەی لە ئاسایشی وڵاتانی سەربەخۆ ناوەتەوە و ئەوانەی دەستیان هەیە لە پەرەپێدانی تیرۆریزم، لەبەر ڕاهاتنیان لەگەل ئەمریکا، لە ژێر سێبەری داکۆکیی ئەم وڵاتەدان.

عەرەبستانی سەعوودی چەن ساڵێکە بە گرتنە بەری سیاسەتی پەلاماردەرانە و داکۆکی لە تیرۆریزم، دەورێکی گرینگ لە ناهێور و ئاڵۆز کردنی ناوچەکە دەگێڕێ و لە باروودۆخێکی ئەوتۆدا “دۆناڵد ترەمپ”ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە سەفەری دوایین ڕۆژانی مانگی مەیی ٢٠١٧ بۆ ڕیاز لە هەمبەر دەسڕاگەیشتنی بە دۆلارەکانی سەعوودی بە مۆر کردنی گرێبەستی سەربازیی ١١٠ ملیاردی، داکۆکی دەکات لە جم و جۆڵەکانی ڕژێمی سەعوودی لە ناوچە و دژ بە ئێران.

بە سەرنج دانی ئەم ستراتژییە، سەرچاوەی پەلامارە تیرۆریستییەکان لە تاران دەتوانین بگەڕێنینەوە بۆ نێو هەر ئەم بازنەیە. ئێران، وڵاتێکی سەربەخۆ و  و بە بێ هیچ بەسراوە بوون بە زلهێزانی بیانی خەریکی بەرەنگاربونەوەی تیرۆریزمە و تیرۆریستان و داکۆکیکارانیان بە واتای ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، چووکەتر لەوەن کە بتوانن کاریگەری دانێنە سەر ویست و ورەی بەرزی گەلی ئێران

Başa dön tuşu